تبليغاتX
شبکه تاریخ - ئازادی ڕا دەربڕین و هەڵاوێرەکان

شبکه تاریخ

ئازادی ڕا دەربڕین و هەڵاوێرەکان

ئازادی ڕا دەربڕین و هەڵاوێرەکان

ئارش دەکلان

بە ڕوانین بە مێژووی مرۆڤدا بۆمان دەردەکەوێت کە لە کاتی دەسپێکی مێژوو بە واتاییکی تر لەو کاتەوە کە بۆ یەکەم جار مرۆڤ و پێشتر لەوەش لە باکووری دەریای ڕەش، دەستی بە نووسین کردووە، هەر کات کە لە کۆمەڵگادا ئازادی ڕادەربڕین حوکمی کردبێت ئەو کۆمەڵگا لە بوارەکانی؛ زانستی، کولتوری، سیاسی، ئابووری، نیزامی و هونەری و تەواوی بوارەکانی تردا تا رادێکی زۆر پێشکەوتوو بووە. پێوانەی ئەم پێشکەوتنە پێوەندی ڕاستەو خۆی هەیە بەوەی کە تا چ رادێک لە بەرانبەر ڕا جیاوازەکان و پێشێل کردنی ئازادی بیر و ڕا تەسامۆح لە کۆمەڵگادا کەمە. بە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەردەکەوێت کە سەدەکانی میانی –مێژوویەک کە مرۆڤ تا ئەبەد دەبێت بە بوونی شەرمەزار بێت، تەنیا و تەنیا بە هۆی دمارگرژی ئایینی بوو کە بە ماوەی نزیک بە 1500 ساڵ زانست و تکنۆبۆژیای بە دوا کەوت.

بۆچی ئازادی بیر و ڕا؟

لە سەرەتای زەمانێکەوە کە مرۆڤ دەستی بە تێفکرین کردووە بێگومان بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێت کە راستی چیە؟

بە پێ نەریتێکی دیاریکراو کە مێژووی فەلسەفە کە لە سەردەمی یونانی کەونەوە دەستی پێدەکەن –هەرچەند یونان بە هیچ لەونێک یەکەم داهێنەری فەلسەفە نەبوون و ماوێکی زۆر پێشتر خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەندیشەی فەلسەفی پێشکەوتوویان هەبووە، ئێمەش بە بۆنەی ئەوەی کە لەم بابەتەدا ناتوانین بڕۆینە نێو ناخی ئەم لێدوانە، بە پێ ئەو نەریتە کەونەوە و بە زانیاری لەو نادروستییەوە لە یونانی کەونەوە دەست پێدەکەین.

هەر لەو سەردەمەی کە ئەرەستوو و ئەفلاتوون دەستیان بە ئەندێشە کرد جەختبان لە سەر یەک بناغە دانا و ئەوەش ئەوەی کە راستی و راستەقیینە دوو تەوەری موتڵەق و سەربەخۆن لە زەینی مرۆڤ. تەنانەت ئەرەستوو لە کتێبەکانی بوونەوەر ناسییەکانی خۆیدا بە دوای جیاکردنەوەی بوونەوەرەکان لە چینی موتڵەق و سەربەخۆ لە زەینی مرۆڤ بووە.

ئەندێشەکانی ئەوان بە پەرەسەندنی ئایینی مەسێح خۆی لە نێو چوارچێوەی ئایینی گونجاند و کە بنەمای ئەو چوارچێوە ئایینییە لە فەلسەفەی ئەفلاتوونیش خۆی حەشار دابوو. ئەفلاتوون لە زۆربەی باسەکانی خۆیدا فەیلەسۆف بە کەسایەتییەکی ئیلاهی و لە کتێبی کۆمارییەکەیدا باشترین نیزامی سیاسی، بە پاشایی فەیلەسۆفەکان ناوزەد دەکات. کڵیسەی کاتۆلیک بە درێژایی سەدەی میانە هەر بەم بنەماوە لە سەر زەوی حوکمی کردووە، پاشایەتی فەیلەسۆف. بنیادی کڵیسەی کاتۆلیک وشک مێشکی خودی رۆمییەکان بوو کە پییان وابوو باشترین نیزامی دونیایان پێکهێناوە و خۆشیان کۆنترین مرۆڤی سەر زەوینن. بەڵام هەر ئەوانەش بوون کە کتێبخانەی ئەسکەنەرییەیان وێران کرد تاکوو بە سەر ئەو وێرانییەدا، هەندێک ئەو لاتر واتیکان ساز بکەن. کڵیسە بانگەشەی بۆ واقعییەتی موتڵەق دەکرد کە بە پێ ئەو بۆچوونە زەوین بە یەقین بە پێ ئیرادەی ئیلاهی ناوەندی جیهانەو سافە و بێجووڵەیە. هەرکەسیش کە بەم بۆچوونە نارەزایەتی دەرببڕایەت و بیگوتایەت زەوین خڕە یان ناوەندی جیهان نییە هەڵیاندەواسی و لە سێدارەیان دەدا.

زۆرکەس پێیان وایە کە گالیلۆ یەکەم کەسە کە گوتویە زەوین بە دەوری خۆردا دەسووڕێت، بەڵام لەوانەیە سەیر بێت کە بزانین 2000 ساڵ پێش گالیلۆ، ئاناکساگوراس پێ وابوو کە زەوین بە دەوری رۆَژدا دەسووڕێت و ئەوەش کە ڕۆژ بەردێکی ئاگرینە و مانگیش وەکوو زەوین ئەستێرێکی ئاسمانییە نەک بۆۆنەوەرێکی ئیلاهی -ئەمە هەر ئەو بۆچوونەیە کە بەو بۆنەوە لە ئاتێن ناوەندی تەمەدون جامی زەهریان دایە دەرخواردی سۆقرات. کۆتایی هاتنی سەدەی میانە بەرانبەر بوو لەگەڵ ڕووخانی زۆربەی واقعییەتە موتڵەقەکان، موقەدەس و ئیلاهییەکان. بە ئەندازێک کە واقعییەت ڕواڵەتە پێرۆزەکەی خۆیان لە دەست دا و کۆمەڵگا لە بواری کولتووری، هونەری، نیزانی، ئابووری، و سیاسی و هتد پێشکەوتنی بە دەست هێنا و خەڵکانێکی زۆر لە برسیەتی و نەخۆشین ڕزگاریان بوو. قەشەکانی سەدەی میانە پییان وابوو تاعوون هێرشی شەیتانە. بە ڕوانینی ماتریالیستی بوو کە مرۆڤ توانی میکرۆب و باکترییەکان بناسێت و دەرمانیان بۆ بدۆزێتەوە.

بەڵام تێڕوانینی واقعییەتی موتڵەق هەر وەها پایەدار بوو. ئێستا تەنیا شەڕ لەسەر ئەوە بوو کە ئەم واقعییەتە موتڵەقە چییە؟ نیۆتۆنیش پێوابوو کە بۆچوونەکەی واقعییەتی موتڵەقە. جۆرج بارکلی کە بە توندی رەخنەی لە ریالیستکان دەگرت، بە جۆرێک موتڵەق باوەڕ بوو ئەو دەیگوت: "درەختێک تەنیا کاتێک وجوودی هەیە کە کەسێک بتوانێت بیبینێت." بۆ ئەوەی کە بتوانێت وجوودی سەربەخۆیانەی درەخت بپارێزێت وتی: "تەنانەت ئەگەرمرۆڤیش بەو درەختەدا نەڕوانێت، ئەو درەختە لە زەینی خودادا وجوودی هەیە." ئەم بۆچوونەی بارکلی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ریالیسمەکەی ئەفلاتوون نییە؛ هەر بەو ئەندازە وشک و دەمارگرژانەیە. کەسانێک وەک ژان ژاک رۆسۆ، بیرمەندی سەردەمی رۆمانتیسم دەیانگوت مرۆڤ لە سەرەتاوە بوونەوەرێکی بەختەوەر بووە؛ وەحشیەەکی بەختەوەر یان مەغدوور کە دواتر کارل مارکس بە بێ هیچ درەنگێک پەسەندی کرد و بوو بە سەرمەشقی ئێستالین و لنین کە بەو تێفکرینەی خۆیانەوە کە گوایە بۆ ئازاد کردنی مرۆڤە لە بەرانبەر دێوی ناحەزی کاپتیالیزم، میلیۆنەها کەسیان لە سیبریا نوقم کرد، ئەوەش هەر بنەماکەی ئەو موتڵەقگەراییەی سەدەکانی میانەیە.

سەیرە کە بزانین دێڤید هیۆم دوودڵی بەناوبانگ بە بۆچوونێک ئەویش دەمارگرژێکی وشک مێشکە. ئەو هیچکات وجوودی راستی موتڵەق رەد ناکاتەوە و تەنیا راستییەکی موتڵەق و سەربەخۆ لە زەینی بە ڕاستییە موتڵەقەکانی تر ئیزافە کردووە؛ و ئەوەش ئەمەیە کە ئێمە ناتوانین ئەو ڕاستییانەی کە سەربەخۆن لە زەین بیانناسین. بنەمای تیوری ئەو بنەماییەکی زاتگەرایانەیە. چوونکوو بناغەکەی ناسینی ناوەڕۆکی مرۆڤە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم و تەنانەت پاش شەڕی جیهانی دووهەم هێڵێکی فیکری¬تر بە نێوی پۆزیتیویسم هاتە ئاراوە کە هێڵێکی زانستی بوو بەڵام هێشتاکوو لە ناخییدا ناوەڕۆکی وجوودی بوونی هەبوو و بڕوای وابوو کە راستیگەلێکی موتڵەق و سەربەخۆ لە زەین وجوودیان هەیە کە بەس بە لێکۆڵینەوی زانستی ئاشکرا دەبن. کەواتە دەبینین مێژووی ئەندێشەی مرۆڤ لانیکەم لە سەردەمی یۆنانەوە تا نزیکەی ساڵی 1950 زایینی لە سەر جۆرێک دەمارگرژی و وشک مێشکی و ڕوانینێکی موتڵەق سوار بووە. بەڵام هەر لەو کاتەدا ڕووداوێک لە مێژووی زانستدا ڕوو دەدات کە بەپێچەوانە دێتە مەیدان. لە تیۆری (نسبیەت) relativity درێژایی شەیئێک پێوەندی هەبوو لەگەڵ چۆنیەتی بینینی بینەر و لە میکانیک کوانتۆمی ئەمە بینەر بوو کە بڕیاری دەدا کە الکترۆن مۆجە یان جزْْ، گۆدێلیش نیشانی دا کە تەنانەت بیرکاری –کە خەڵک وادەزانن زانستێکە بێ عەیب و عار و تەواو، دوور لە نادروستی نییە. لە فەلسەفەی زانستدا کەسانێک وەکوو کوهن و فایرابند دەرکەوتن کە بناغەی ڕوانینە موتڵەقەکانیان خستە بەر رەخنەوە. ئەوان تێگەیشتبوون کە بە عەکسەوەی بۆچوونەکانی ئەفلاتوون و ئەرەستوو، سۆفیستگەلێک هەن وەکوو پرۆتاگوراس –کە ئاتێنییەکان کتێبەکەیان سووتاند و شاربەدەریان کرد، لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە" دروستترە.

لێرەدا بوو کە بەشەر توانای تێگەیشتن لەوەی کە مانای ئازادی چییە و بۆچی دیموکراسی، بە دەست بهێنێت.

بۆیە ئەندێشەیەک کە بنەماکەی راستی موتڵەق بێت لە باشترین حاڵەتدا ئەندیشەییەکی زایدە. بۆچی؟

بۆ نموونە موسۆڵمانێک پێوایە کە قورئان پێرۆزترین کتێبی دونیایە. مەسیحییەکیش پێوایە ئینجیل پیرۆزترین کتێبی دونیایە. ئەم دوو کەسە چۆن پێکەوە دیالۆگیان دەبێت تا ڕوون بێتەوە قسەی کامیان ڕاستە؟ ڕوونە کە هیچکام ناتوانێت بە پێ ئایەکانی کتێبی پیرۆزی خۆی دروستی قسەی خۆی بسەلمێنێت. تەنیا دوو ڕێگە دەمێنێت، یان جەنگ کە ئاکامی شەڕەکانی خاچی سوورمان بینی، و رَێگێکی تر دیالۆگ کردن لەسەر پێوەرە هاوبەشەکانە کە یان لە هەردووی ئە کتێبە پیرۆزانەدا هەیە یان لە هیچکامدا نییە و یان تێکەڵاوێکە لەم دووانە. بۆ دۆزینەوی پێوەرە هاوبەشەکان لە نێو ئەو دوو کتێبە پیرۆزەدا، مرۆڤ تەنیا لە نێو کتێبە ئاسمانییەکان بە دوایدا ناگەڕێت بەڵکوو یارمەتی لە عەقڵی خۆیان دەگرن و بێگومان ئەو پێوەرە عەقلانییانە لە نێو هیچکام لەو کتێبانەدا نەهاتوون. ئەگەر هاتبان بێگومان دەبوایەت موسۆڵمانەکان هەزار ساڵ لەمەوبەر دەرمانی شیرپەنجەیان پەیدا بکردایەت و یان مەسیحییەکان بە بۆنەی ئەم بۆچوونەی کە زەوی ناوەندی جیهان نییە، کەسیان لە نێو ئاگردا نەسووتاندایەت.

با نموونەییکی تر بێنینەوە. فەرز بگرین راستییەکی موتڵەق وجوودی هەیە. چۆن دەیناسین؟ فەرز بگرینA دەڵێت ئەم ڕاستییە موتڵەقە (ج)یە و B دەڵێت نە (د)یە. لەم نێوانەدا چۆن یەکێکیان هەڵبژێرین؟ دوو ڕێگە زۆرترمان نییە، یان دەبێت A و Bپێکەوە شەڕ بکەن یان دیالۆگ. بۆ دیالۆگ دەبێت لەر سەر خاڵە هاوبەشەکان یک بگرنەوە. ئاکامی دیالۆگ یەکگرتنەوێەک لە سەر پێوەرەکانی چوارچێوەی ڕاستی دەخاتە بەردەست. بە پێ تیوری پۆست مۆدێنیزم، ڕاستی تەوەرێکی intersubjective یە کە لە سەر بنەمای دیالۆگی نێوان تاکی کۆمەڵگا دروست دەبێت. چوارچێوەی ئەم دیالۆگە هەروا کە بینیمان، وابەستە نییە بە بوون یان نەبوونی ڕاستی موتڵەق.

ئەوی کە ئەم ڕاستییە موتڵەقە یان هەر شتێکی تر، گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە کە ڕاستی لە ناخی چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت و گۆڕانی بەسەردادێت. دوگم بوون و تەئکید کردن لەسەر ڕاستیەکی موتڵەق و دەرفەت نەدان بە دیالۆگی ئازادە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیستەمی کۆمەڵایەتی بەشێک لە ئیمکانیەتەکانی خۆی لە دەست بدات. با بە ئاماژەکردن بە نموونەیەک باشتر لەمە تێبگەین:

کاتێک کە کەسێک بۆ یەکەم جار یاری تنیس دەست پێدەکات، ڕێژەی هەڵەکانی لە یاری کردندا زۆرترە لە دروستەکانی، بەلام سیستەمی مێشکی مرۆڤ بەس زەربە دروستەکان دەرخ دەکات. ئەگەر سیستەمی عەسەبی سەختگر ببوایەت و بە ئەو مەجالی هەڵە کردنی نەدایەت، هیچ مرۆڤێک نەیدەتوانی لە هیچ بوارێکدا پسپۆرَی بە دەست بهێنێت. سیستەمی عەسەبی بە مرۆڤ بەرایی هەڵە کردن دەدات بەڵام ئەم سیستەمە بە چاوپۆشی لە هەڵەکان تەنیا زەربە دروستەکان دەرخ دەکات و بەرهەمی کار، تنیس بازێکی پسپۆڕە. دەربارەی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی بارودۆخەکە لەمەش ئاسانترە. بەو بۆنەوە کە لە یاری تنیسدا هەڵە و درۆس هەر لە سەرەتاوە پێناسە کراوە. بەڵام لە چوارچێوەی کۆمەلایەتیدا تیۆری و بۆچوونە درۆس و هەڵەکان لە پێشەوە پێناسە نەکراون. ئەگەر وەها بوایە، دەبوایەت دەرمانی ئایدز تا ئێستا دروست ببوایەت. ئاکام ئەمەیە کە سیستەمی کۆمەڵایەتی بە بەرهەمهێنانی ئازادی ڕادەربڕین ئەم ئیمکانیەتە بۆ خۆی فەراهەم دێنێت تاکۆ لە چوارچێوەی یەکێک لەو تیۆریانەی کە وتراوە بە هۆی کەسێک ڕێگە چارێکی کۆمەڵایەتی پەیدا بکات. کۆمەلاگایەک کە بە تاکەکانی خۆی ئازادی ڕادەربڕین نەدات گۆڕی خۆی دەکەنێت. هەرچەند من بە ئازادی موتڵەقی ڕادەربڕین باوەڕم هەیە، بەو مانا کە هەر کەسێک ئازادە هەر ڕایەک دەربارەی هەر شتێک یان هەر کەسێک بە هەر شێوێک کە پێخۆشە دەریببڕێت، بەڵام بەو بۆنەوە کە بە یاسا جیهانییەکان پابەندم، لانیکەم دەتوانم ئەوە بڵیم کە سنووری ئازادی ڕادەربڕین با لانیکەم لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکاندا بێت.

ئەگەر ئەورووپای خۆرئاوا بە کۆتایی سەدەکانی میانە و لەناو بردنی ئارام ئارامی موتڵەق ڕاوانین توانیویە پێشبکەوێت بەو بۆنەوە نییە کە شۆڕێکی ڕۆژئاوایی یان ئەورووپایی ڕوویداوە. ئەوانەی کە لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕێنسانس لە ئەرووپا بە پێ بارودۆخی تایبەت بە کلتووری تایبەت بە خۆی رویداوە و هەر شوێنێک دەبێت لە رەوشتێکی جیاواز کەڵک وەربگرێت، جگە لەوەی کە دەمارگرژ و موتڵەق ڕوانن هیچ نین. ئەو رێنسانسەی کە لە ئەورووپا ڕوویدا دەستوورێکی ئەورووپایی یان ڕۆژئاوایی نەبوو، بەڵکوو دەستوورێکی مەنتقی بوو. پێشکەوتن تەنیا بە لابردنی موتڵەق ڕوانین بە دەست دێت و یەکێک لەو لایەنە موتڵەق ڕوانانە ئایینە و هر بۆیە بە هیچ لەونێک شایستەگی ئەوەی نییە لە سیسەتدا دەستی هەبێت. ئاکامی دەستێبردنی ئایدۆلۆژیا –هەر ئایدۆلۆژیایەک، چ ئایینی، وەک ئایینەکانی ئیسلام و مەسیح و چ ئایینی نەبێت – لە نیزامی سیاسیدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی نیزامی سیاسی و کۆمەلایەتی. لە مێژوودا نموونەمان هەیە وەک ئەورووپای سەدەکانی میانە و هەروەها نیزامی کمۆنیستی سۆڤیت و نیزامی کۆماری ئیسلامی. چینیش کە ئەمڕۆ توانیویەتی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ بکاتەوە بە هۆی پەژێانی نیزایم کاپیتالیستی بووە.

هەرچەند من مارکسیست نیم بەلام بڕوام وایە کە کە ڕەستەیەکی مارکس ڕواڵەتێک لە ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو؛ "ئایین ئەفیوونی کۆمەڵە." ئەڵبەت من ئەم ڕەستەیەم هەروا بە ئاسانی قەبووڵ نییە. ئایین کاتێک دەبێتە ئەفیوون کە لە چوارچێوەی سیاِسیدا دەستێوەردانی هەبێت.

مێژووی مرۆڤ دەریخستووە کە ڕاستی لەگەڵ پێرۆزی نواندن ناگونجێت. ڕاستی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای لێدوانی ئازاد لە فەزایەکی دیموکراتیکدا دروست دەبێت کە تەواوی لایەنەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. کاتێک کە پای رەخنە دێت مەیدان هیچ بڕوایەک تەنانەت ڕەخنە بە بڕوا بە خۆداش نابێت قەدەغە بکرێت چ بگات بە رەخنەگرتن لە قۆرئان و ڕاگەیێنەران و تەواوی دەستوورە پیرۆزەکان. کۆمەڵگایەک کە ئەم ئەمرە نەگرێتە خۆی، حوکمی مەرگی خۆی واژوو دەکات.

+ نوشته شده در  ساعت   توسط   |